Larger font
Smaller font
Copy
Print
Contents
  • Results
  • Related
  • Featured
No results found for: "".
    Larger font
    Smaller font
    Copy
    Print
    Contents

    ١ - خۆشەویستی خودا بۆ مرۆڤ

    سرووشت و ئاشکرابوون هەردوو وەک یەک گەواهی دەدەن لە سەر خۆشەویستی خودا. باوکی ئاسمانیمان سەرچاوەی ژیان و زانست و شادمانییە. بڕوانە دیمەنە جوان و سەیرەکانی سرووشت، سەرنج بدە لە جۆری ڕێککەوتن و سازبوونیان بۆ نیازەکانی بەختیاری نەک هەر تەنها مرۆڤ، بەڵکو گشت گیانەوەرانێکی زیندوو. خۆر و باران کە زەوی دەبووژێننەوە و ڕەنگ و ڕووی تازەی دەکەنەوە، چیا و دەشت و دەریا گشتیان سەبارەت بە خۆشەویستی دروستکەریان لەگەڵ ماندا دەدوێن؛ ئەو یەزدانەی کە ڕزقی ڕۆژانەی هەموو زیندەوەرانێک دەدات. ئەم ووشە جوانانە لە ئایەتێکدا هاتووە:KB 3.1

    هەموو چاویان لە تۆیە
    تا لە کاتی خۆیدا خۆراکیان پێ بدەی
    دەستی پڕ بەرەکەتی خۆتیان بۆ بکەیتەوە
    بۆ تێرکردنی ئارەزوی گشت گیاندارانێک
    KB 3.2

    (سروود ١٤٥: ١٥، ١٦)

    خودا، مرۆڤی شادمان و پیرۆز، وە زەوی جوان دروست کرد، دوور لە هەر نەفرین و خراپییەک . سەرپێچی لە یاسای خودا . کە یاسای خۆشەویستییەنەفرین و مردنی هێنا. هەرگیز سەر لێشێوان و ئازار کە لە ئەنجامی گوناهەوە بێ ئاشکرابوونی خۆشەویستی خودا چارەسەر نابێت . وەک نووسراوە “خودا لەبەر مرۆڤ غەزەبی لە زەوی گرت” (پەیدابوون ٣: ٧) . دڕک و داڵ، سەختی و تەنگ و چەڵەمەی ژیان تەنیا بەشێکن لە پلانی باوکی ئاسمانیمان بۆ تاقی کردنەوەی پلەی خودا پەرستی لە نێو مرۆڤدا، خودای مەزن لە ڕێی ئەو تەنگ و چەڵەمانەوە مرۆڤ لە گوناه پاک دەکاتەوە . ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ژیان تەنها ئازار و ناخۆشی تێدایە، سرووشت بۆ خۆی هەڵگری پەیامی هیوا و دڵخۆشی و ئاسوودەییە، گوڵ هەن بە سەر دڕکەزییەوە، وە دڕکیش هەن بەگوڵ داپۆشراون. KB 3.3

    “خودا خۆشەویستی یە”، ئەمە لە سەر هەر خونچەیەکی پشکوتو، لە سەر هەر تاڵە گیایەکی بەهار، لە ئاوازی بولبول، لە بۆنی خۆشی گوڵ، لە ڕووی هەر گەڵایەکی سەوزی زیندووی درەختی دارستان، نوسراوە؛ گشتیان شایەتی دەدەن لە سەر چاودێری و ئاگالێبوونی دڵسۆزانەی خودا بۆ ئێمە، وە لە سەر ئارەزووی باوکانەی بۆ خۆشحاڵی و بەختیاری منداڵانی. KB 4.1

    وتەکانی خودا سیفاتی خودایان دەرخست . خودا خۆی خۆشەویستی و بەزەی بێ سنووری خۆی بۆ مرۆڤ درکاند، کاتێک موسا لە نوێژدا داوای لە خودا کرد “شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە” (دەرچوون؛ ٣٢: ١٩، ١٨). خودا سیفاتەکانی خۆی بۆ موسا دەرخست، وەک دەفەرموێت؛ “خودا خۆی بەخشندە و لێبوردەیە، کەم تووڕەیە، خێر و چاکەی فراوانە، پارێزەری ڕەحمەتی هەزارانە، لە گوناه و سەرپێچی دەبوورێت.” (دەرچوون ٣٤: ٧، ٦). “کەم تووڕەیە و زۆر میهرەبانە” (یۆنان ٤: ٢)، “چونکە لە بەرەکەت خۆشحاڵە” (میخا ٧: ١٨). KB 4.2

    بەم جۆرە خودا دڵی ئێمەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە بەو ئایەت و نیشانانەی کە لە ژمارە نایەن لە ئاسمان و لە زەوی . لە ڕێی سرووشت و پەیوەندی زەمینی قووڵ و ناسکەوە خۆی بۆ ئێمە دەرخستووە، گەرچی ئەمانە خۆشەویستی ئەو کەم و کووڕ پێشان دەدەن، هەروەها شەیتان توانیویەتی ئەقڵ و چاوی مەردووم کوێر بکات و کارێ بنوێنێت کە خەڵکی بە چاوی ترسەوە بڕواننە خودا، بێ هیوا بن لە میهرەبانی و بە خشندەی ئەو، بە خودایەکی سەخت گیر و ناداد پەروەری لێ تێبگەن کە نەڕەحمی هەیە و نەبەزەیی. شەیتان خودای واپیشان داوە کە بەچاوی ڕقەوە دەڕوانێتە هەڵە و چەوتی مرۆڤ تا تۆڵەیان لێ بستێنێت . بۆ ڕاماڵینی ئەم سایە تاریکە، وە بۆ دەرخستنی خۆشەویستی بێ سسنووری خودا بوو کە عیسا هات تا لە نێوان خەڵکیدا بژی .KB 4.3

    ڕۆڵەی خودا لە ئاسمانەوە هات تا باوکمان بۆدەربخات، لەبەر ئەوەی “کەس لە هیچ کاتێکدا خودای نەدیوە، تەنها ڕۆلەی تاقانەی، کە لە باوەشی باوکدایە، ئەو خودای ئاشکرا کرد.” (یۆحەننا ١: ١٨)، “وە کەس باوک ناناسێت جگە لە ڕۆڵە، ئەو ئاشکرای دەکات بۆ هەر کەسیک بییەوێت”، (مەتتان ١١: ٢٧). لە کاتێکدا یەکێک لە موریدەکانی لێی پرسی “باوکمان پیشان بدە” عیسا وەڵامی دایەوە “من کاتێکی دوور و درێژە لەگەڵ تاندام، کەچی هێشتا ئێوە من ناناسن ئەی فلیپۆس ؟ ئەوەی کە منی دیوە یانی باوکی دیوە، کەواتە تۆچۆن دەڵێی، (باوکمان پیشان بدە؟)” (یۆحاننا ١٤: ٩، ٨). KB 5.1

    عیسا پەیام و فەرمانی خۆی لە سەر زەوی بەمجۆرە باس کرد؛ “خودا منی ناردووە تا مزگێنی ئینجیل بدەم بە هەژاران، تا دڵشکاوان تیمار بکەم، دیلەکان سەربەست بکەم، کوێرەکان چاک بکەمەوە، پێشێلکراوان ئازاد بکەم “(لۆقا ٤: ١٨) ئەمە کاری ئەو بوو. هات بۆ تیمار و ڕزگار کردنی هەموو ئەوانەی شەیتان دەستی بەسەردا گرتبوون . چەندین گوند کە ئەو پیایاندا تێپەڕیبوو ناڵەی نەخۆشی تێدا نەهێشتن و چاکی کردنەوە، کارەکانی شایەت بوون لە سەر پەیامی ئاسمانی ئەو . لە هەموو کردەوەکانی ژیانیدا خاوەنی خۆشەویستی و بەزەیی و دڵسۆزی بوو. کاتێک بۆ پشگیری منداڵانی دڵی خۆی کردەوە، سروشت و خووی مرۆڤی گرت بە خۆیەوە بۆ ئەوەی لە پێویستییەکانیان نزیک بێتەوە. هەژارو لێقەوماوان لە نزیک بوونەوەی نە دەسڵەمینەوە . تەنانەت منداڵە بچوکەکانیش لە دەوری کۆدەبوونەوە و بەسەر ئەژنۆیدا هەڵدەگەڕان و چاویان دەبڕییە ڕووی پڕ لە بیر و بە سۆز و خۆشەویستی ئەو. KB 5.2

    عیسا هەمیشە سوور بوو لە سەر ئەوەی ڕاستی و هەق هەمووی دەربخات، بەڵام بەگیانێکی خۆشەویستی یەوە، پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی لە سەر بنەمای بایەخی زۆر و بەتەنگ هاتن و دڵسۆزیەوە بوو، لە قسەکردندا چاودێری ئەدەب و نەزاکەتی دەکرد، وشەیەکی بەکار نەدەهێنا کە دڵ بڕەنجێنێ، بەدوای عەیب دۆزینەوە و ڕەخنەگرتندا نەدەگەڕا لە لاوازی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستی دەگوت و بەڵام هەمیشە لە ڕێگای خۆشەویستی یەوە. کاتێک دژ بەدوو ڕووی و بێ باوەڕی و گوناه دەدوا، کەدەهاتە سەر باسی سەرزەنیشت و چاو ترسێن قوڕگی پڕ دەبوو لە گریان، بەسەر “ئۆرشەلیمی قودس دا” گریا، ئەو شارەی کە خۆشی دەویست بەڵام وەری نەگرت هەرچەندە “عیسا ڕێباز و ڕاستی و ژیانە.” خەڵکی ئۆرشەلیم ئەویان دایە دواوە وەریان نەگرت لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕزگار کەریان بوو، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە ڕێز لێ گرتنیان بە بەزەیی و دڵ پێ سوتانەوە. ژیانی لە خۆبوردن و بە تەنگەوە هاتن بوو بۆ خەڵکی دی. هەموو گیانێک بۆ ئەو بەنرخ بوو، عیسا کە پایەی ئاسمانی هەبوو، بەڕێز و بایەخ و خۆشەویستییەوە ملکەچ بوو بۆ هەر ئەندامێکی خێزانی خودا. پاڕاستن و ڕزگارکردنی هەرگیانیک لە کەوتن بە ئەرکی ئاسمانی خۆی دەزانی .خوو ڕەوشتەکانی مەسیح ئەوەبوو کە دەرکەوت لە ژیانیدا، ئەمە ڕەوشتی خودایە، لە دڵی باوکەوە ڕوباری بەرەکەتی ئاسمانی بۆ منداڵانی بەشەر لە ڕێی مەسیحەوە هەڵقوڵا . عیسای میهرەبان و پڕ بەزەیی و ڕزگار کەر “خودا بوو کە لە شێوەی لە ش دەرکەوت.” (١ تیمۆساوس : ٣ ، ١٦)عیسا بۆ ڕزگاری ئێمەبوو کەژیا و ڕەنجی کێشا و مرد، بوو“بە پیاوی پەژارە و تەنگانە” بۆ ئەوەی بمانکات بە هاوبەشی خۆی لە خۆشی هەمیشەییدا. لە خودا ڕێگای بە کۆرپەی خۆشەویستی خۆی دا کە بێتە خوارێ پڕ لە چاکە و ڕاستی، لە جیهانی مەزنی و بەختیاری ئاسمانییەوە بۆ جیهانی خراپە و شێواو بە گوناه و تاریک لە ژێر سێبەری مەرگ و نەفرەتدا. ڕێگەی دا کە باوەشی خۆشەویستی باوکانە و ستایش و پەرستنی فریشتەکان بەجێ بهێڵێ، تا بێت بۆ نێوان مرۆڤ بەرگری نەنگ و سووکی و شکان و کینە و مەرگ بگرێت. سەر ئەنجام مرد، مردنی گوناهکارانی تاوانباران . چونکە “ئاشتی ئێمە ئەو سزای دایەوە، بەجێ قامچیەکانی ئەو ئێمە چاکبووینەوە” (ئەشعیا ٥٣: ٥). KB 6.1

    بی بینە لە بیابان، لە “گەسیمانی” بەسەر خاچەوە ڕۆڵەی بێگەردی خودا، باری قورسی گوناهی گرتە ئەستۆی خۆی، ئەو کە یەکێتی تەواوی هەبوو لەگەڵ خودا، لە گیانیدا هەستی کرد بە جیابوونەوەیەکی بەسام کە گوناه دەیخاتە نێوان خوداو مرۆڤی گوناهکارەوە، وای لێکرد هاواربکات هاوارێکی خەفەت بار و ئازاراوی “خودای من، خودای من، بۆوازت لێ هێنام؟” (مەتتا ٢٧: ٤٦). هەستکردن بە باری سەنگینی گوناه، بە ترسناکی تاوان، بە جیابوونەوەی گیان لە خودا، ئەمانە بوون کە دڵی ڕۆڵەی خودایان شکاند. KB 7.1

    بەڵام ئەم قوربانییە مەزنەی ڕۆڵەی خودا لە پێناو ئەوەدا نەبوو کە لە دڵی باوک خۆشەویستی بۆ مرۆڤ دروست بکات، وە نە بۆ ئەوەش بوو کە خودا والێ بکات مرۆڤ ڕزگار بکات، نەخێر، “خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست کە تەنها ڕۆڵەی خۆی پێشکەش کرد” (یۆحەننا ٣: ١٦). KB 7.2

    باوک ئێمەی خۆش دەوێ نەک لەبەر ڕزگار کەرمان، بەلکو ڕزگارکەری بۆ ئێمە نارد چونکە ئێمەی خۆش دەوێت. مەسیح ئامێرێک بوو کە لە ڕێی ئەوەوە خودا خۆشەویستی بێ سنووری خۆی هەڵڕشت بەسەر جیهانی کەوتودا. “خودا لە مەسیح-دا بوو کە بۆ خۆی ئاشتبوونەوەی جیهانی ئەنجام دا”.KB 7.3

    (٢ کۆرنسۆن ٥: ١٩). باوک و کوڕ پێکەوە تووشی زەحمەت بوون، لە گولستانی گەسیمانی، لە سەر خاچی جەلجەسە، بەخۆشەویستی بێ پایانیان نرخی کڕینەوە و ڕزگار کردنی ئێمەیان دا.KB 7.4

    عیسا فەرمووی “باوکم منی خۆش دەوێت، چونکە ژیانی خۆم دەکەم بەقوربانی تا جارێکی دی وەریگرمەوە” (یۆحەننا ١٠: ١٧)، واتە” باوکم ئێوەی زۆر خۆش ویستووە خۆشەویستی ئەو بۆ من زیاتر بووە چونکە من گیانی خۆم دانا بۆ ڕزگارکردن و کڕینەوەی ئێوە، من ڕازی بووم کە ببم بە جێگرتان و کە فیلیتان، قەرزدەرەوە و هەڵگری گوناهتان، لە ڕێگای قوربانی و خۆبەختکردنی منەوە خودا دەتوانێت دادپەروەر و بەخشندەبێت بۆ ئەو کەسەی کە بڕوا بە عیسا دەهێنێت.KB 7.5

    هیچ کەس نەیتوانی ئێمە نەجات بدات و بمانکڕێتەوە جگە لە ڕۆڵەی خودا، هیچ کەس نەیتوانی خودا ئاشکرا بکات جگە لە و کەسەی کە لە باوەشیدا بوو، جگەلەو کەسەی کە بەرزترین و قووڵترین خۆشەویستی خودای ناسی و توانی دەری بخات؛ قوربانی بێسنوری مەسیح لە پێناوی مرۆڤی سەرلێشێواودا، دەربڕینی خۆشەویستی خودا بوو بۆ مرۆڤایەتی ون بوو. خودا ئەوەندە جیهانی خۆش ویست کە ڕۆڵەی تاقانە خۆی پێشکەش کرد، پێشکەشی کرد کە نەک هەر تەنها لە ناو مرۆڤدا بژی، بەڵکو گوناهەکانیشیان هەڵبگرێ، بۆ قوربانی ئەوان بمرێت، ئەوی بەدیاری دا بەنەژادی مرۆڤی سەر لێشێواو. مەسیح خواست و ویست و سوودی مرۆڤی کرد بە خواست و ویست و سوودی خۆی، ئەو کە لەگەڵ خودا یەک بوو، خۆی بەجۆرێک لەگەڵ مرۆڤ بەستەوە کە هەرگیز نەیەتە پچڕان. “عیسا لاری لە وە نییە ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی بەبرا ناویان بەرێ.” (عیبرانییەکان ٢: ١١). ئەو قوربانی و پارێزەر و برای ئێمەیە. لەبەر دەمی عەرشی خودا شێوەی مرۆڤی ئێمە بەخۆیەوە دەگرێت، ئەو بۆ هەمیشە یەکێکە لە و ڕەگەزەی کە ڕزگاری کرد و خۆی کرد بە قوربانی . ئەمانە هەموو بۆ بەرز کردنەوەی مرۆڤە لە سەر لێشێوان و نزمی گوناه؛ کە لە وانەیە باوەڕی لاواز بکات بەرانبەر بەشداری لە خۆشی و پاکی و خۆشەویستی یەزدان . KB 8.1

    ئەو نرخە گرانەی درا بۆ ڕزگاربوون و کڕێنەوەی ئێمە، واتە قوربانی بێ سنووری باوکی ئاسمانیمان بە بەخشینی ڕۆڵەی خۆی کە بمرێت لە پێناوی ئێمەدا بەڵگەیە لە سەر ئەو پایە بڵندی یەی کە پێی دەگەین لە ڕێگەی مەسیحەوە. هەر وەک یاوەری مەسیح، یوحەنا هەستی بە پایە بلندی و فراوانی و قوڵی خۆشەویستی خودا کردبوو بۆ نەژادی مرۆڤی سەرلێشێواو، خۆی کە پڕ بوو لە ڕێزو خۆشەویستی، ئەیتوانی وشەی شیاو پەیدا بکات بۆ دەربڕینی مەزنی و سۆزی ئەم خۆشەویستي یە، داوای لە جیهان کرد کە لێی بڕوانن ، ووتی “ببینن کە خوداوەند چ خۆشەویستییەکی بەئێمە بەخشیوە تا ناو ببرێین بە منداڵانی خودا” (١ یۆحەننا ٣: ١). چەند بەنرخە شوێنەواری مرۆڤ لە ئەنجامی ئەم خۆبەخت کردنە! لە ڕێگای سەرپێچی و گوناهەوە کوڕی مرۆڤ بوو بەبابەتێک بۆ شەیتان، لە ڕێی باوەڕ بەخۆبەخت کردنی مەسیح-ی ڕزگار کەرمان، منداڵانی ئادەم دەتوانن ببن بە منداڵانی خودا. مەسیح بە قبوڵکردنی سرووشتی مرۆڤ، مرۆڤایەتی بەرز کردەوە و شوێنەواری مرۆڤی گوناهکار و سەرلێشێواوی گەیاندە ئەو جێیەی کە شایستەی ناوی” منداڵانی خودابن . KB 8.2

    ئەم جۆرە خۆشەویستیییە بێ هاوتایە، کە منداڵانی پادشای ئاسمان بین، بەڵێنێکی بەنرخە، بابەتێکە کە شایەنی بیری قووڵە، بابەتی خۆشەویستی بێ وێنەی خودایە بۆ جیهانێک کە ئەوی خۆش نەدەویست ! ئەم بیرە هێزێکە کە دەتوانێ گیان گوێ ڕایەڵ بکات و ئەقڵ بخاتە ژێر ویستی خوداوە. هەرچی پتر لە ڕەوشتی خودا بکۆڵینەوە لەبەر ڕۆشنایی تیشکی خاچ، پترهەست بەمیهرەبانی و بەزەیی و لێبوردن دەکەین شان بەشان لەگەڵ یەکسانی و داد پەروەری ، وە ڕووناکتر نیشانەی خۆشەویستی یەکی پڕ لە بەزەیی و دڵسۆزی بێ سنوور دێتە بەر چاومان، کە بەرزترە لە سۆز و خۆشەویستی دایکێک بۆ منداڵی ئاوارەی.KB 8.3

    Larger font
    Smaller font
    Copy
    Print
    Contents